پۆلیسی هەولێر: چوار تۆمەتبارمان دەستگیر کرد کە بوبونە هۆی گیان لەدەستدانی منداڵێک
بڵند
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری سەرەکی راگەیاند، کە لە روداوێکی تەقەکردندا لە شارەدێی کۆڕێ بوونە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ لە روداوێکی تەقەکردن لە شەوی 7ی حوزەیرانی 2026لە سەعات 11ی شەو لە نێوان دوو لایەندا رویداوە؛ هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنیروداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ روداوەکە کردەوە.
ئاماژەبەوەشکراوە، لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تویوتا لاندگرۆزەر زیاتر لە8 فیشەکی بەرکەوتووە و هەروەها منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت؛ لە دوای روداوەکە هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارانی سەرەکی دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، هەر چوار تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە دەستگیر بکەن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و رێکارە یاساییەکانیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.



