فۆڕمی دامەزراندنی 250 کەس بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە راگەیەندرا
سام
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
250 کەس لە فەرمانگەکانی سنوری هەڵەبجە دادەمەزرێن و پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: ئەنجومەنی راژەی گشتی، بە مەبەستی دامەزراندنی 250 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لینکی فۆرمی داواکاری بڵاوکردەوە، پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت: دوابەدواى رەزامەندىی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نوسراویان ژمارە (12340) لە رێکەوتى 6/10/2025 و دیاریکردنى بوارى پسپۆریی پێویست لەلایەن پارێزگاى هەڵەبجە بە نوسراویان ژمارە (1/804) لە 30/3/2026 بۆ دامەزراندنى (250) کەس لە (32) پسپۆریی جیاواز لەسەر میلاکى گرێبەستى فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێم لە سنورى پارێزگاى ناوبراو، ئەنجومەنى راژەى گشتى لینکى فەرمى بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى داواکارى دامەزراندن بڵاو دەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند تێبینییەکی راگەیاندووە کە ئەمانەن؛
پڕکردنەوەى فۆرمى داواکارىی دامەزراندن لە لایەن پێشکەشکار تەنیا یەک جار و بۆ تەنیا یەک پسپۆرى دەبێت و هەر پێشکەشکارێک زیاتر لە یەک فۆرمى داواکارى رەوانە بکات، لە پێشبڕکێی دامەزراندن دوور دەخرێتەوە و داواکارییەکەى بۆ هیچ پسپۆرییەک وەرناگیرێت.
پێویستە پێشکەشکار راستى و دروستى زانیارییەکانى هاتوو لە ناوەرۆکى فۆرمەکەى بۆ هەر بڕگەیەک بە وێنەیەکى بەڵگەنامەى رەسەن پشتڕاست بکاتەوە، بە پێچەوانە خاڵى ئەو بڕگەیەى بە بێ بوونى بەڵگە پڕ کراوەتەوە هەژمار ناکرێت.
پێویستە کۆى بەڵگەنامەکان پێکەوە لەناو تەنیا یەک فایلى (pdf) یەک بخرێت و قەبارەى فایلەکە لە (100) مێگابایت تێپەڕ نەکات.
پێویستە پێشکەشکار پێش ئەوەى کرتە لەسەر لینکى ناردنى کۆتایى فۆرمەکەى بکات، بەوردى پێداچوونەوە بە زانیارییەکان و بوونى بەڵگەکانى پێویست بکات.
فۆرمى دواکارى دواى ناردنى لە لایەن پێشکەشکار راستەوخۆ دەچێتە نێو کێبڕکێى دامەزراندن و هیچ بەڵگەنامە یان زانیارىی زیاتر لە پێشکەشکار وەرناگیرێت.
لینکی فۆڕمەکە



