دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان و داخرانی ئاسمانی عیراق، بەهۆی هێرشيکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو حاجیانەی هەرێمی کوردستان، کە لە خاکی سعودیە گیریان خواردبوو، بە رێگای وشکانی دەستی پێکرد. 

بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە زاری وتەبێژی حەج و عەمرەی هەرێمەوە رایگەیاند بەهۆی دەستپێکردنەوەی جەنگەوە،  بە ناچاری و لە رێگای پاسەوە دەگەڕێنەوە کەرکووک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

کاروان ستونی، وتەبێژی  حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردسات نیوزـی رایگەیاند، 1800 حاجی هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لە سعودیە مابوونەوە، بەڵام لە چوارچێوەی پلانێکی بەپەلەدا، پرۆسەی گەڕانەوەیان بە وشکانی لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەمڕۆە پرۆسەکە دەستی پێکردوە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، سەرجەم حاجیانی هەرێم بگەنەوە وڵات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەمساڵ بە گشتی پێنج هەزار و 136 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی خاکی سعودیەیان کردبوو؛ لەو ژمارەیەش سێ هەزار  و490 حاجی بە فڕۆکە و هەزار و 646 حاجی بە پاس گەشتیان کردبوو، بەڵام گۆڕانکاریی لە رەوشی ئاسمانی عێراقدا پلانی گەڕانەوەی بەشێکی زۆری گەشتە ئاسمانییەکانی گۆڕی بۆ وشکانی.