د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، لەسەر بانگهێشتی رەسمی چین، سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و بەراوردێکی قووڵی نێوان میراتی دەریاچەی 'وێست لەیک' و رووبارەکانی دیجلە و فورات دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرچاوە ئاوییەکان تەنها بۆ ژیان نین، بەڵکو هێمایەکی نەمرن بۆ ناسنامەی نەتەوەیی.

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی چین، رایگەیاند: سەردانیکردنی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئاوریشم لە شاری هانگژۆ، بەهۆی پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکانی عیراق و رێگەی ئاوریشم، واتایەکی تایبەتی هەبوو.

د. لەتیف رەشید باسی لە سەردانەکەی بۆ شاری هانگژۆ کرد و ئاماژەی بەوەدا، مێژووی عیراق بۆ چەندین سەدە بە رێگەی دێرینی ئاوریشمەوە گرێدراوە و خاکی میزۆپۆتامیا لە مێژوودا وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا رۆڵی گێڕاوە، بەغدادیش وەک ناوەندێکی جیهانی بۆ بازرگانی، زانست و ئاڵوگۆڕی کولتووری گەشەی کردووە.

سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، سەردانەکەی بۆ دەریاچەی وێست لەیکی بە بەشێکی دانەبڕاوی گەشتەکە ناوبرد و وتی: ئەو دەریاچەیە کە وەک میراتێکی جیهانی لەلایەن یونسکۆوە ناسێنراوە، بۆ سەدان ساڵە سەرچاوەی ئیلهام بووە بۆ شاعیران و زانایان.

لە پەراوێزی ئەو سەردانەدا، د. لەتیف ڕەشید جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان کردەوە و وتی: ئەمڕۆ لێرە گرنگیی سەرچاوە ئاوییەکانم بۆ گەلان بیرکەوتەوە، نەک تەنها وەک سەرچاوەی ژیان، بەڵکو وەک هێمایەکی نەمر بۆ کولتوور و ناسنامە. ڕێک بەو شێوەیەی وێست لەیک پێگەیەکی گرنگی لە میراتی چیندا هەیە، دیجلە و فوراتیش بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و شارستانییەتی عیراق.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. لەتیف رەشید بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە 'کۆڕبەندی حوکمڕانیی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ' لە پەکین لە رۆژی 11 و 12ی حوزەیران دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە بە هیوای ئەنجامدانی گفتوگۆی بەرهەمدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕان لەو کۆڕبەندەدا.