دەموچاوی ترەمپ خەریكە یاسایەكی 160 ساڵەی ئەمریكا دەگۆڕێت.

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نووسینگەی نەخشاندن و چاپكردنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دیزانێكی سەرەتایی بۆ دراوێكی نوێی ئەمریكی كردووە كە دراوی 250 دۆلارییەوە و وێنەی ترەمپی لەناوەڕاست و یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریكای لەسەر نەخشێندراوە.

دراوە نوێیەكە لەلایەن تۆماس فێنتۆن هونەرمەند و نیگاركێشی بەناوبانگی بەریتانی دیزاینكراوە و لەلایەن خودی ترەمپەوە پەسەندكراوە.

ئەم دراوە نوێیەی ئەمریكا بە وێنەی ترەمپەوە، رووبەڕووی ئاستەنگییەكی یاسایی توند بووەتەوە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19هەم و بەپێی یاسای فیدراڵی ئەمریكا لە ساڵی 1866، قەدەغەیە وێنەی هیچ كەسێكی زیندوو بخرێتە سەر دراوی رەسمی، پشك و بەڵگەنامەی دارایی، ئامانج لە یاساكەش رێگریكردن بووە لە سەرۆكەكان كە دراوی وڵات بۆ بانگەشەی خۆیان بەكاربهێنن.

بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە یاساییە، جۆو ویڵسن كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان، پرۆژەیاساییەكی بەناوی یاسای دراوی 250 دۆلاری دۆناڵد ترەمپ ئامادەكردووە و پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكای كردووە كە تێیدا ئەو یاسایەی فیدراڵی ئەمریكا هەمواردەكرێتەوە و رێگەدەدرێت بە چاپكردنی ئەو دراوە نوێیە بۆ یادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

تا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاساكەی جۆو ویڵسن نەكراوە و خودی پرۆژە یاساكەش رووبەڕووی دژایەتییەكی توندی دیموكراتەكان بووەتەوە، دیموكراتەكان پێیانوایە ئەوە پێشێلكردنی نەریتنی دیموكراسی ئەمریكایە.

سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندووە، وەك دامەزراوەیەكی جێبەجێكار پابەندی یاسان و ئەگەر كۆنگرێس پرۆژەیاساكەی جۆو ویڵسن پەسەندبكات، ئەوە دراوی 250 دۆلاری بە وێنەی ترەمپەوە دێتە ناو بازاڕەوە.

لە كۆتاییدا، چاپكردنی دراوێكی نوێ لە ئەمریكا پرۆسەیەكی درێژخایەن و ئاڵۆزە، لەدوای پەسەندكردنی لەلایەن كۆنگرێس و سەرۆكی ئەمریكاوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی و دەزگای نهێنی ئەمریكا هەڵدەستێت بە چاپكردنی ئەو دراوە نوێیە و پرۆسەكە لەنێوان شەش بۆ هەشت ساڵ دەخایەنێت.