نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی ئەنفالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ جینۆسایدی ئەنفال یەکێکە لە قێزەونترین جینۆسایدەکانی مێژوی هاوچەرخ

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار داوا لە حکومەتی عیراق و هەرێم کردوە کاربکەن و هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ دۆزینەوەی روفاتەکان.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عیراق

لە سی و هەشتەمین ساڵیادی شاڵاوی بەدناوەکانی ئەنفال کە لەساڵی ١٩٨٨ لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆریەوە ئەنجام درا، و بوە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە ١٨٢ هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی کورد، لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان، بەڕێزەوە شەهیدە نەمرەکان وەبیردەهێنەوە و سڵاو لەخانەوادە سەربەرزەکانیان.

شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکە لەقێزەونترین کردەوەکانی جینۆساید لەمێژووی مۆدێرندایە کە شوێنەوارە بە ئازارەکانی لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا چەسپاون.

لەساڵیادی ئەم کارەساتەدا، داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال دەکەین هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دیاریکردنی شوێنی پاشماوەی ڕوفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان، هەروەها دابینکردنی چاودێری زیاتر بۆ برینداربووانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییانە و قەرەبووکردنەوەی مرۆیی و مادی کەسوکاری قوربانییەکان، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەتایبەتی دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالیان بەجینۆساید و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی ناساند.

هەروەها جەخت لەگرنگی پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و پاراستنی دەستکەوتە بەدەست هاتووەکان و سیستمی دیموکراسی بۆ گەیشتن بەئایندەیەکی باشتر لەدادپەروەری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی .

 

نزار ئامێدی

سەرۆک کۆمار