مەزڵوم عەبدی دەڵێت: رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق باشترین بژاردە بوو، بەڵام ئەگەر رێککەوتن شکست بهێنێت تا کۆتایی شەڕ دەکەن و دەستبەرداری مافەکانیان نابن.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات'هەسەدە'، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "PBS"ـی ئەمریکی، وردەکاریی رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندیی دیمەشقی ئاشکراکرد.

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا باشترین بژاردە بووە لەژێر ئەو فشارە سەربازی و ئابورییانەی رووبەڕووی کورد ببووەوە. دەشڵێت؛ ئەمە باشترین رێککەوتن نییە بۆ کورد، بەڵام بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاگربەست پەسەندیان کرد.

مەزڵوم عەبدی جەختیکردەوە، ئامانجی سەرەکییان "ئۆتۆنۆمی"یە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، دیمەشق تەنها "بەڕێوەبەریی خۆجێی" قبوڵ کردووە. هۆشداریشی دا کە ئەگەر رێککەوتنەکە شکست بهێنێت، تا کۆتایی شەڕ دەکەن و دەستبەرداری ناوچە کوردییەکان نابن.

فەرماندەی هەسەدە هۆشداریدا داعش هێشتا زۆر بەهێزە و دەستی بە شارە گەورەکان گەیشتووە، ئاماژەی بەوەشکرد گواستنەوەی پێنج هەزار و 700 زیندانی مەترسیدار بۆ عیراق داعش لاواز دەکات، بەڵام چۆڵکردنی کەمپی "هۆل" و ونبوونی 10 هەزار ژن و منداڵی داعش مەترسییەکی گەورەیە.

مەزڵوم عەبدی بێئومێدیی خۆی لە هەڵوێستی ئەمریکا نەشاردەوە و رایگەیاند، کاتێک چەکدارانی سوریا هێرشی کردە سەریان، ئەمریکا پارێزگاریی لێ نەکردن، ئێستا خەڵکی ئەوان هەست بەبێ ئومێدییەکی زۆر دەکەن بەرانبەر واشنتۆن.