قوباد تاڵەبانی: بەشداریمان کرد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ژیریی دەستکرد لە دوبەی
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ژیریی دەستکرد کردووە کە لە دوبەی بەڕێوەچووە، دەشڵێت، "گفتوگۆمان کرد لەگەڵ چەندین دامەزراوە و کۆمپانیای گرنگ بۆ ئەوەی بێنە کوردستان".
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: بەشداریمان کرد لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ژیریی دەستکرد لە دوبەی کە کەسانی پسپۆڕ و کۆمپانیا و لایەنی پەیوەندیدار لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهانەوە ئامادەبوون. گفتوگۆی زۆر گرنگ کرا لەبارەی داهاتووی ژیریی دەستکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چۆنییەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: گفتوگۆمان کرد لەگەڵ چەندین دامەزراوە و کۆمپانیای گرنگ بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و هاوکاربن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و ئەزمون و شارەزاییەکەیان هاوبەش بکەن لەگەڵ پسپۆڕان و ناوەند و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کوردستان.


