پڕۆژەی رووناکی: کارەبای ئەو هاوبەشانە دەپچڕێندرێت کە لە ماوەی 50 رۆژدا پسووڵەکانیان نادەن
محەمەد رزگار
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پڕۆژەی رووناکی ئاگادارییەکی ئاراستەی هاوبەشانی کارەبا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە رۆژی دەرچوونی پسووڵەوە 50 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بۆ دانەوەی ئابوونەی کارەبا، بە پێچەوانەوە کارەبای سەرپێچیکاران دەپچڕێندرێت.
پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەنراوێکدا هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە کە ماوەی پارەدانی پسووڵەی کارەبا 50 رۆژە. ئەم ماوەیەی پارەدان لە رۆژی دەرچوونی پسووڵەکەوە لەسەر سەکۆی "ئی-پسوولە" (e-Psula) دەست پێ دەکات، نەک لە کاتی گەیشتنی پسووڵەی کاغەزی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی دیاریکراودا '50 رۆژ' پارەی پسووڵەکەیان نادەن، رێکاری یاساییان لەسەر جێبەجێ دەکرێت و کارەباکەیان دەپچڕێندرێت.
پڕۆژەی رووناکی ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی پچڕانی کارەبادا بەهۆی پارەنەدانەوە، گەڕاندنەوەی کارەبا تەنها دوای دانی تەواوی بڕی پسووڵەکە دەست پێ دەکات و بە گشتی تا 24 سەعات دەخایەنێت؛ بەڵام ئەگەر پارەکە لەڕێگەی کارمەندی کۆکەرەوەوە درابێت، پرۆسەکە کاتێکی زیاتری دەوێت.
راشیگەیاند، لە ئێستادا نوێترین پسووڵەی کارەبا بۆ زۆربەی هاوبەشان لە سەکۆی "ئی-پسوولە" بەردەستە و داوا لە هاوبەشان دەکرێت مانگانە بەدواداوچوون بۆ پسووڵەکانیان بکەن.
لەکۆتایی راگەیەنراوەکەدا، بۆ ئاگاداربوون لە دەرچوونی پسوولە و زانیارییە نوێیەکان بە بەردەوامی، پڕۆژەی رووناکی داوا لە هاوبەشان دەکات یەکەکانیان لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمیی رووناکییەوە تۆمار بکەن.


