سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئیدارەکەی لە ماوەی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و توانیویەتی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا رایگەیاند، ئیدارەکەی لەو ماوەی 11  مانگی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، هەروەها توانیویەتی کۆتایی بە جەنگ لە غەززە بهێنێت و مەترسیی ئەتۆمیی ئێران بنبڕ بکات، دەشڵێت، بۆ یەکەمجار لە دوای سێ هەزار ساڵەوە ئاشتیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێناوە.

وتیشی، کۆتایی بە هەشت جەنگ هێناوە لە ماوەی دە مانگدا و بارمتە  ئیسرائیلییەکانی لە غەززە گەڕاندووەتەوە بە زیندوو و مردووەکانیشەوە.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، هێزی سەربازی بۆ وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە و ئێستا ئەوان بە جیاوازییەکی زۆرەوە بەهێزترین سوپایان هەیە لە جیهاندا.

لە بارەی ناوخۆی وڵاتەكەشیەوە،  ترەمپ ئاشکرایکرد، یاسای بێ وێنەیان دەركرد بۆ پاراستنی سنوورەكانیان كە بەهۆیەوە لە مانگی رابردوو هیچ كۆچبەرێكی نایاسایی نەچووەتە ناو ئەمریكاوە، وتیشی ،واشنتۆنی پایتەخت لە جاران سەلامەتترە.