راپۆرتێک: ئەوروپا و ئۆکراین جەنگیان پێ باشترە لە "ئاشتییەکی لەرزۆک"
راهۆز
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریكی ئاشكرایكرد، هاوپەیمانانی ئۆکراین لە ئەوروپا، بەردەوامی جەنگیان پێباشترە لەوەی رێککەوتنێکی "ئاشتی لەرزۆک" قبوڵ بکەن، کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی روسیا و دروستبوونی مەترسی نوێ لەسەر کیشوەرەکە.
بەپێی راپۆرتەکە، سەرکردەکانی ئەوروپا جگە لە پاڵپشتیكردنی دیموكراسی و یاسای نێودەوڵەتی بۆ بەرگریکردن لە کیێڤ، ترسێکی گەورەیان هەیە لەوەی هەر رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی مۆسکۆ بێت، دەرگا بۆ جەنگێکی فراوانتر دەکاتەوە کە رەنگە هەموو ئەوروپا بگرێتەوە. ترسەکە لەوەدایە روسیا بە هێزێکی سەربازی و بەرهەمهێنانی گەورەوە لە دانوستانەکان دەربچێت و متمانەی ئەوەی هەبێت سنورەکان بە زەبری هێز بگۆڕێت.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا و تیمەکەی هەوڵی چارەسەرێکی خێرا دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە کە خەریکە پێ دەنێتە ساڵی پێنجەمەوە. بەڵام بۆ ئەوروپا و ئۆکراین، "ئاشتییەکی خراپ"، کیێڤ دەکاتە نێچیرێکی بریندار و لاواز لەبەردەم مۆسکۆدا، بۆیە بەردەوامی جەنگ و بەرگرییان پێ باشترە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هۆشداریدا و وتی: "داهاتووی ئۆکراین بە توندی بەستراوەتەوە بە داهاتووی ئێمەوە، ئەگەر ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئۆکراین مسۆگەر نەکرێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ ئاسایشی ئێمەش نامێنێت".
ئەم جیاوازییە لە بۆچوونەکان، درزێکی قوڵی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریكا دروستکردووە؛ ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەپێناو "سەقامگیری ستراتیژی" و دەرفەتی بازرگانی لە روسیا نزیک بێتەوە، بەڵام ئەوروپییەکان مۆسکۆ وەک مەترسییەکی درێژخایەن دەبینن و پێیانوایە دەبێت سزای دەستدرێژییەکەی وەربگرێت و متمانە بە دەستبهێنێتەوە.
راپرسییەک کە لەلایەن پەیمانگای زانکۆی ئەوروپاوە ئەنجامدراوە و رای زیاتر لە 500 شارەزای ئەمنی وەرگرتووە، دەریدەخات کە "ئاگربەست لە بەرژەوەندی روسیا" یەکێکە لە دوو مەترسییە گەورەکەی سەر یەکێتیی ئەوروپا بۆ ساڵی داهاتوو، چونکە پەیامێک دەبێت بەوەی ئەوروپا توانای پاراستنی خۆی و رێگریكردن لە مەترسییەکانی داهاتووی روسیای نییە.
سەبارەت بە هەنگاوە کردەییەکان، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی روسیا بۆ پێدانی قەرزێک بە بڕی 105 ملیار دۆلار بە ئۆکراین، تا بتوانێت پێداویستییە سەربازییەکانی دوو ساڵی داهاتووی پێ دابین بکات.



