دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی گەمارۆدانی تەواوەتیی  بەسەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان بۆ چونە ژورەوە و هاتنەدەرەوەی لە ڤەنزوێلا دەرکرد، دەسەڵاتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆشی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کرد و تۆمەتباری کرد بە بەکارهێنانی سەروەت و سامانی دزراوی ئەمریکا بۆ دابینکردنی بودجەی تیرۆر و قاچاخچێتی و چالاکییە تاوانکارییەکانی تر.

سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی؛ ڤەنزوێلا بە تەواوی دەورە دراوە و گەمارۆکە بەردەوام دەبێت تا هەموو ئەو نەوت و زەوی و سەروەت و سامانانەی تر کە لێیان دزیوین بۆ ئەمریکای دەگەڕێنرێنەوە.

ئاماژی بەوەشکردوە؛ دەسەڵاتی ناشەرعی مادورۆ نەوتی ئەم کێڵگە نەوتییە دزراوانە بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی بودجەی خۆی بۆ مادەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کوشتن و رفاندن.

ترەمپ نوسیویەتی؛ بەهۆی دزینی سەروەت و سامانەکانیان و بەهۆی چەندین هۆکاری دیکەوە، لەوانە تیرۆر، بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دەسەڵاتی ڤەنزوێلا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکراوە.

ترمپ دەشڵێت؛ ئەمڕۆ فەرمانی گەمارۆی تەواوەتی بەسەر هەموو کەشتییە نەوت هەڵگرەکەندا دەدات و هەموو ئەو کەشتیانە سزادەدات، کە دەچنە ڤەنزوێلا یاخود ئەو وڵاتەا بە جێدەهێڵن.

ترەمپ جەختیکردوەتەوە لەوەی، ئەو کۆچبەر و تاوانبارانە نایاساییانەی کە دەسەڵاتی مادۆرۆ لە سەردەمی ئیدارەی لاواز و ناکارامەی بایدندا بۆ ئەمریکا ناردوە، بە خێرایی دەگەڕێندرێنەوە بۆ ڤەنزوێلا و ئەمریکا رێگە نادات تاوانباران، تیرۆریستان، یان وڵاتانی دیکە هەڕەشە لە گەلەکەیان بکەن و تاڵان بکەن یان زیانیان پێ بگەیەنن.