هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی "باشترین هاندەری فیفا"یان بردەوە
راهۆز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ خەڵاتی "باشترین هاندەری فیفا"یان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییەی کە بۆ پشتیوانی لە منداڵانی نەخۆش ئەنجامیاندا و دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە پاش ئەو هەوڵو بەشدارییە کارایەی کوردانی ناوە و دەرەوەی وڵات بۆ دەنگدان بە یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری جیهان، یانەی زاخۆ توانی ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت.
سایتی رەسمی فیفا نووسیوێتی: روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی ئایاری رابردوو، کاتێک پێش دەستپێکردنی یاری نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عیراق، هاندەرانی زاخۆ هەزاران بوکەڵە و یاری منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاوە. ئەو یارییانە دواتر لەلایەن یانەکەوە کۆکرانەوە و بەخشرانە ئەو منداڵانەی کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
یانەی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هەڵدانی یاری منداڵان بۆ ناو یاریگا، گیانێکی مرۆیی نموونەیی نیشاندا کە لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان، عیراق و ئاسیاوە ستایش کرا."
یانەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هاندەرانیان بڕبڕەی پشتی تیمەکەن و بەردەوام بە چالاکییە داهێنەرانەکانیان سەرنجی هەمووان رادەکێشن، هیوای خواستووە ئەو پشتیوانییە بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر.
هاندەرانی زاخۆ دوای کێبڕکێ لەگەڵ دوو کاندیدی دیکە، توانیان خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. خەڵاتی هاندەری فیفا لە ساڵی 2016وە دابەش دەکرێت و تایبەتە بەو هاندەر یان گرووپانەی کە پابەندبوونێکی ناوازە یان هەڵوێستێکی کاریگەر لە جیهانی تۆپی پێدا تۆمار دەکەن، بەبێ رەچاوکردنی خول، رەگەز، یان نەتەوە.



