دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو سەرکردەیەکی حەماس لە غەززە کوژرا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە دەکەن لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هیچ پێشێلکارییەکی ئاگربەستی لە غەززە ئەنجامدابێت، راشیگەیاند، دەستیان بە ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی هێزە نێودەوڵەتییەکەی غەززە کردووە و چاوەڕوان دەکرێت وڵاتی دیکەشی بۆ زیاد ببێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، چەند وڵاتێک هەیە بەراستی بەشدارن لە دروستکردنی هێزەکەدا و داوای چەند سەربازیان لێبکەین ئامادەن بینێرن.

ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لەدوای هێرشێکی سوپای ئیسرائیل دێت بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە غەززە، کە بەهۆیەوە سەرکردەیەکی باڵای حەماس کوژرا و حەماسیش رایگەیاند، ئەوە پێشێلکاری ئاگربەستە و ئیسرائیل بە مەبەست ئەنجامی داوە. داواشی لە وڵاتانی نێوەندگیرکرد دەستوەردان لەو بابەتەدا بکەن.