سوپای ئەمریکا 8 کەسی لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن کوشت
راهۆز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر چەند کەشتییەک لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، 8 کەسی کوشتووە، ئەوەش تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی جوڵە سەربازییەکانیدا لە ئەمریکای لاتین، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلادا گرت.
فەرماندەیی باشووری سوپای ئەمریکا (SOUTHCOM) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی پیت هەگسێت، وەزیری بەرگری، "هێرشی کوشندە"یان کردووەتە سەر سێ کەشتی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 8 کەس کوژراون؛ "3 کەس لە کەشتی یەکەم، 2 لە دووەم و 3 لە سێهەم". سوپای ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکات کوژراوەکان پەیوەندییان بە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانەوە هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا، لە هێرشی هاوشێوەی ئەمریکا بۆ سەر دەیان کەشتی لە زەریای هێمن و دەریای کاریبی نزیک ڤەنزوێلا، لانی کەم 90 کەس کوژراون. شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی رەخنەی توند لەم کردەوانە دەگرن و بە "کوشتنی دەرەوەی یاسا" وەسفی دەکەن.
هاوکات یاسادانەرانی ئەمریکا پرسیار و گومانیان لەسەر رۆڵی هەگسێت لەم هێرشانە هەیە، بەتایبەت دەنگۆی ئەوەی کە ناوبراو راستەوخۆ فەرمانی بۆ هێرشی دووەم دەرکردبێت بۆ سەر بەلەمێک لە مانگی ئەیلولدا، کە دوو کەس تێیدا رزگاریان ببوو و بە پاشماوەی بەلەمەکەوە خۆیان هەڵواسیبوو.
پێنتاگۆن کەشتی جەنگی، ژێردەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی دەریای کاریبی و کەنداوی مەکسیک کردووە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان. لە بەرامبەردا ڤەنزوێلا دەڵێت ئامانج لەم جوڵە سەربازییانە ئەوەیە "هێزە دەرەکییەکان سامانی بێشوماری نەوت و غازی ڤەنزوێلا بدزن".
هەفتەی رابردوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی وت: "وا دەزانم نەوتەکە بۆ خۆمان دەهێڵینەوە."



