لەدوای گفتوگۆکانی بەرلین لەبارەی راگرتنی جەنگی نێوان ئۆکراین و روسیا، کیێڤ جەخت دەکاتەوە گفتوگۆ لەبارەی خاکەکەیان پرسێکی ئازاربەخشە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئەمڕۆ جەختی لەوەکردەوە کە گفتوگۆ لەبارەی خاک پرسێکی ئازاربەخشە، دەشڵێت؛ لەگەڵ ئەمریکا بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەوبارەیەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشنیازکراوە دەستبەرداریان بن بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ لەگەڵ روسیا.

زیلینسکی لە میانی قسەکانیدا لە کۆڕبەندی ئەڵمانی-ئۆکرانی رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەفدی ئەمریکی، هەروەها گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە بەرلین ئاسان نەبوون، بەڵام ئەنجامی باشی هەبووە.

لە بەرانبەردا، فرێدریک مێرز راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، دەرفەتێکی راستەقینە هەیە بۆ ئاشتی لە ئۆکراین دوای گفتوگۆکانی بەرلین، روونیشی کردەوە کە ئەمریکا گەرەنتی ئەمنیی بەرچاوی داوە.

وتیشی، بەهۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکەوتنی ئەرێنی بەدەستهاتووە سەبارەت بە ئۆکراین.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێپرسراوێکی ئەمریکی ئەمڕۆ بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە ئۆکراین گەرەنتی ئەمنی هاوشێوەی ئەوەی لە مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆدا هاتووە، بەپێی رێککەوتنێکی ئاشتی کە لە بەرلین گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەدەستدەهێنێت.

لە هەمان کاتدا، لێپرسراوێکی باڵای کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، ترەمپ رازییە بەو ئاڕاستەیەی گفتوگۆکانی ئۆکراین کە لە بەرلین بەڕێوەدەچن.

هەروەها ئاماژەی بەودا، ترەمپ سەرنجی لەسەر رێگریکردنە لە فراوانبوونی روسیا لە رۆژئاوای ئۆکراین.