دۆناڵد ترەمپ لە وەسفی سکرتێرە رۆژنامەوانییەکەیداا: لێوەکانی وەک رەشاشێکی بچوک وان
راهۆز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشێکی زۆری کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی کرد و رایگەیاند، خاوەنی "روخسارێکی جوانە" و جوڵەی لێوەکانی وەک "رەشاش" وایە.
ترەمپ لە میانی وتارێکدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، لە کاتێکدا باسی لە دەستکەوت و پلانە ئابورییەکانی دەکرد، ئاڕاستەی قسەکانی گۆڕی بۆ باسوخواسی کارۆلین لیڤیت-ی تەمەن 28 ساڵ و لەبەردەم ئامادەبوواندا وتی: "ئێمە ئەستێرەیەکی نایابمان هەیە، ئایا کارۆلین نایاب نییە؟".
سەرۆکی ئەمریکا وەسفی شێوازی قسەکردنی سکرتێرە رۆژنامەوانییەکەی کرد و وتی: "کاتێک دەچێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بە دیاریکراوی فۆکس نیوز، زاڵ دەبێت بەسەریاندا... کاتێک بەو روخسارە جوانەوە دەوەستێت و لێوەکانی دەجوڵێن و ناوەستن، وەک رەشاشێکی بچوک وایە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کارۆلین "هیچ ترسێکی نییە، چونکە ئێمە سیاسەتێکی راستمان هەیە، پیاوان لە وەرزشی ژناندا بەشدار نین، مۆدێلی گۆڕینی رەگەز بە خەڵک دەخەین و سنوری کراوەمان نییە تاوەکو هەموو جیهان لە زیندانەکانەوە بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە، بۆیە کارەکەی کارۆلین کەمێک ئاسانترە و نەمدەویست سکرتێری رۆژنامەوانی لایەنەکەی دیکە بام".
کارۆلین لیڤیت، کە ئێستا گەنجترین سکرتێری رۆژنامەوانییە لە مێژووی کۆشکی سپیدا، پێشتریش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 وەک یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کاری کردووە.
پێشتریش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزماکس، ترەمپ بە هەمان شێوە وەسفی لیڤیتی کردبوو و وتبوی: "ئەو روخسارە، ئەو مێشکە، ئەو لێوانە و شێوازی جوڵەکەیان، وەک رەشاش دەجوڵێن".



