لەکاتێکدا کۆشکی سپی فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئۆکراین مل بۆ مەرجەکانی روسیا بدات، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گەیشتە لەندەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئەوروپا، دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت: "زێلێنسکی هێشتا پرۆژەکەی نەخوێندووەتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئۆکراین لەگەڵ هەریەکە لە کیەر ستامەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و فریدریش مێرز راوێژکاری ئەڵمانیا لە "ژمارە 10"ـی داونینگ ستریت کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکییان دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک بکرێت، گەرەنتی ئەوە بدات روسیا لە داهاتوودا هێرش ناکاتەوە.

ترەمپ بۆچی توڕەیە؟

کۆبوونەوەکەی لەندەن دوای سێ رۆژ دێت لە دانوستانی چڕ لە فلۆریدا، کە تێیدا روستەم عومێرۆڤ، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراین هەوڵی گۆڕینی ئەو پلانەی کۆشکی سپی داوە کە دەوترێت "لە بەرژەوەندیی روسیادایە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی نیشاندا و بە رۆژنامەنووسانی وت: "کەمێک بێهیوا بووم کە تاوەکو چەند سەعاتێک لەمەوبەر سەرۆک زێلێنسکی هێشتا پێشنیازەکەی نەخوێندۆتەوە".

ترەمپ وتیشی: "خەڵکەکەی زێلێنسکی پێشنیازەکەیان بەدڵە... پێموایە روسیاش پێی رازییە، بەڵام دڵنیا نیم زێلێنسکی پێی رازی بێت".

بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا پێشنیازی کردووە هێزەکانی ئۆکراین بەتەواوی لە ناوچەکانی رۆژهەڵات بکشێنەوە، لە بەرانبەردا شەڕ رابگیرێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە ئاڵۆزەکان بریتییە لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە ئێستا لەژێر دەستی روسیادایە؛ پلانەکە پێشنیازی کردووە وزەی کارەبای وێستگەکە لە داهاتوودا لەنێوان ئۆکراین و روسیا دابەش بکرێت، دابەشبوونی ئەو وێستگەیەش مانای دابەشبوونی وزە و ئابوری ئۆکراین دێت.

بەریتانیا و فەرەنسا سەرکردایەتیی دروستکردنی هێزێک دەکەن بەناوی "هاوپەیمانیی ئارەزومەندان" یان هێزی فرەنەتەوەیی ئۆکراین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک هێزێکی دڵنیاکەرەوە لەو وڵاتە جێگیر بکرێن، بەڵام ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا هەرچەندە هاوکاریی سەربازی دەکەن، بەڵام دوودڵن لە ناردنی سەرباز بۆ سەر خاکی ئۆکراین، چونکە روسیا ئەمە بە "هەڵکشانی مەترسیدار" دەزانێت.

هاوکات کۆشکی کرملین پێشوازی لە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کردووە کە داوای باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ روسیا دەکات و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفی کردووە. ڤلادیمێر پوتن جەختی کردووەتەوە کە ئامادەیە شەڕ بەردەوام بێت تاوەکو هێزەکانی بەتەواوی کۆنترۆڵی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک دەکەن.