شەوێکی پڕ لە درۆن؛ روسیا هێرشی 77 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی پوچەڵکردەوە
راهۆز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
شەوی رابردوو ئاسمانی روسیا بێدەنگ نەبوو، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە روبەڕووی هێرشێکی چڕی ئۆکراین بووەوە و وەزارەتی بەرگریش دەڵێت، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەوی رابردوودا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 77 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە کە ویستوویانە چەندین ناوچەی جیاواز بکەنە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆسکۆ، پشکی شێری هێرشەکان بەر شاری "ساراتۆڤ" کەوتووە و لەوێ 42 درۆن تێکشکێندراون. ئاگرەکە ناوچەکانی دیکەشی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک لە رۆستۆڤ 12 درۆن، لە دورگەی کریمیا 10، لە ڤۆڵگۆگراد 9 و لە بێلگۆرۆدیش 2 درۆن خراونەتە خوارەوە. تەنانەت درۆنەکان گەیشتونەتە ئاسمانی چیچان و ئەستراخانیش و لەوێش دوو درۆن کراونەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ شەڕی ئاسمان، لەسەر زەویش پێدادانەکان بەردەوامن. ئاژانسی سپۆتنیکی روسی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوپای روسیا لە هەرێمی "سومی" گورزیان لە سێ یەکەی سەربازیی ئۆکراین وەشاندووە و بنکەکانیان لە ناوچەکانی ئەندریڤکا و سادکی خاپور کردووە.



