هیندستان؛ ئاهەنگێک بە خنکانی 25 کەس کۆتایی هات
راهۆز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئاهەنگێکی شەوانە لە یانەیەکی هیندستان بە کارەسات کۆتایی هات و 25 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەی قوربانییەکان لەبری ئەوەی رێگەی رزگاربوون بدۆزنەوە، بەرەو چێشتخانەی یانەکە رایانکردبوو، بەڵام لەوێ گیریان خوارد و خنکان.
روداوەکە سەعات 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یانەی (Birch By Romeo Lane) لە گوندی ئارپۆرا لە ویلایەتی گۆوای هیندستان رویدا. بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، نزیکەی 100 کەس لە ئاهەنگێکی سەماکردندا بەشدار بوون کە بە "شەوی بۆلیوود" ناسێندرابوو، کاتێک لەناکاو ئاگر لە گۆڕەپانی سەماکردنەکەوە دروست بوو.
بەپێی زانیارییەکان، یانەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "یانەیەکی دوورگەیی"ـە، بەڵام لە راستیدا تەنها رێڕەوێکی زۆر تەسک و باریکی هەبووە بۆ هاتن و چوون. دیزاینی ناوەوەی یانەکە بە گەڵای دارخورما و کەرەستەی دارین رازێنرابووەوە، کە ئەمەش وایکردووە ئاگرەکە وەک پۆش و ئاگر تەشەنە بکات.
فاتیمە شێخ، یەکێک لە گەشتیارە رزگاربووەکان دەڵێت: "لەناکاو ئاڵۆزی دروست بوو، بینیمان هەموو شوێنەکە گڕی گرتووە. بەشێک لە گەشتیاران و کارمەندەکان بۆ ئەوەی لە ئاگرەکە رزگاریان بێت، بەرەو نهۆمی خوارەوە و چێشتخانەکە رایانکرد، بەڵام هەموویان لەوێ گیریان خوارد و بەهۆی دوکەڵەوە خنکان".
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان، هەڵکەوتەی شوێنی یانەکە بووە. بەهۆی تەسک و تروسکی کۆڵانەکانەوە، ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە بگەنە بەردەم یانەکە و ناچار بوون لە دووری 400 مەترەوە بوەستن، ئەمەش پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دواخست.
دواتر تیمەکان تەرمی 25 کەسیان دۆزیەوە کە بەشێکیان گەشتیار و بەشێکیان کارمەندی یانەکە بوون، 6 کەسی دیکەش بریندارن.
رۆشان رێدکار، بەرپرسێکی ناوچەکە ئاشکرای کردووە، یانەکە بە نایاسایی دروستکراوە و مۆڵەتی نەبووە. پێشتر بڕیاری روخاندنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان خاوەنەکانی و رێکارەکانەوە، بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان خەمباریی خۆی بۆ روداوەکە دەربڕی و سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی گۆواش فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەی ورد لەم کارەساتە بکرێت.



