لە روداوێکی تەقەکردندا لە پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشور چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک، بەهۆیەوە 11 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 14 هاووڵاتی تریش بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، تا ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکە دیار نییە  و کەسیش لەسەر روداوەکە دەستگیر نەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک لە شاری پریتۆریای پایتەخت و بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە نێویشیاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ هەیە.

وتەبێژی پۆلسی بە میدیاکانی راگەیاندوە، لە روداوەکەدا 25 کەس تەقەیان لێکراوە و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا تاوانبارەکان دەستگیر نەکراون.

وتوشیەتی؛ ئەمە روداوێکی زۆر سەختە و دوای چوار سەعات لە روداوەکە پۆلیسان لێ ئاگادار کردوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان سێ چەکدار بەبێ جیاوازی دەستڕێژی گولـلەیان کردوە.

ئەم هێرشە نوێترین هێرشە لە زنجیرەیەک تەقەکردنە بەکۆمەڵەکان لەو وڵاتە پڕ تاوانکارییەی کە 63 ملیۆن کەسی تێدایە.

شاری پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشورە، بەدەست تاوان و گەندەڵیەوە دەناڵێنێت و بەردەوام هێرشی چەکداری تێدا ئەنجام دەدرێت.