مەسعود پزیشیکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ هەر یەکە لە وەزیری بەرگریی سعودیە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا 'میت' و سوپاسالاری پاکستان کۆبووەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا 'ئاسایشی ناوخۆیی' لە رۆژئاوای ئاسیا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمانیی مەککە رایگەیاند، تاران پشتیوانی لە هەر لێکتێگەیشتنێک دەکات کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی هاوکاریی هەرێمی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعودیە، عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بەڕێوەچوو؛ سەرۆک کۆماری ئێران داوای "یەکێتیی هەرێمی" کرد و هیوای خواست ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەم وڵاتە ئیسلامییە گرنگ و کاریگەرانە ببێتە هۆی بەهێزکردنی تەبا و یەکڕیزی لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا پزیشکیان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە "لە یەک ریزدا بوەستن و هەڵوێستێکی هاوبەش و هەماهەنگ بگرنەبەر."