بیل گەیتسی بازرگان و ملیاردێر هۆشداری دەداتە حکومەتەکانی جیهان کە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ گیان لەدەستدانی منداڵان بەهۆی کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، دەگاتە  نزیکەی چوار ملیۆن و 800 هەزار منداڵ و داواش لە وڵاتان دەکات تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ روبەروبونەوەی ئەو کارەساتە. 

بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی بیل و مێلیندا گەیتس، کە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە، لە ساڵی 2024دا بە نزیکەی  4.6 ملیۆن منداڵ پێش تەمەنی پێنج ساڵی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت رێژەکە بەرز ببێتەوە  و ژمارەکە بگاتە 4.8 ملیۆن  منداڵ.

گەیتس لە راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەکەدا رایگەیاندوە؛  دەیان ساڵە جیهان پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەستهێناوە لە رزگارکردنی ژیانی منداڵان، بەڵام ئێستا لەگەڵ گەشەکردنی ئاستەنگەکان، ئەو پێشکەوتنە دەستیکردووە بە پێچەوانەبوونەوە.

ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ،  لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکرد بە بڕینی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرانبەردا ئەم کەمکردنەوە بۆ بەخشەرەکانی دیکەی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا درێژکرایەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە کۆی گشتی یارمەتییەکانی گەشەپێدانی جیهانی بۆ تەندروستی لەم ساڵدا بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە نزیکەی لەسەدا 27 کەمیکردووە، ملیاردێرە ئەمریکییەکە، پێشبینیش دەکات ئەگەر ئەو بودجەیە بەردەوام بێت لە دابەزین، ئەوا لە  نێوان 12 بۆ 16 ملیۆن منداڵی دیکە تا ساڵی 2045 گیان لەدەست دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەمساڵ گەیتس هۆشداری دابوو کە، کەمکردنەوە و برینی ئەو پارانەی بۆ هاوکاریە مرۆییەکان تەرخان دەکرێت دەبێتە هۆی مردنی زیاتری منداڵان.

ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە داواش لە حکومەت و تاکەکان دەکات، هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن و سەرنجیان لەسەر چارەسەری داهێنەرانە و سەلمێنراوی وەک کوتان و وەبەرهێنان لە چاودێری تەندروستی بۆ باشترکردنی تەندروستی منداڵان بێت.