کۆمپانیایەک ئۆتۆمبێلی "پۆرش" دەکاتە دیاری بۆ 700کارمەندی
راهۆز
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
کۆمپانیاکان پەنا بۆ شێوازی داهێنەرانە دەبەن بۆ پاداشتکردنی کارمەندە نایابەکانیان، لەوانەش کۆمپانیای "ThreatLocker" کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سیکیوریتی) لە ئۆرلاندۆ و خاوەنی نزیکەی 700 کارمەندە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و گەشتی ناوازە پێشکەش بە کارمەندەکانی دەکات.
کۆمپانیاکە کە نوسینگەی لە دەبڵن، دوبەی و ئوسترالیا هەیە، مانگانە سەدان ناوی بۆ دەچێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کارمەندانەی لە ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکا زۆرترین "هاوکاری" هاوپیشەکانیان کردووە. لە کۆتایی ساڵدا دەنگەکان کۆدەکرێنەوە بۆ دیاریکردنی دوو براوەی خەڵاتە گەورەکە.
زۆرجار کۆمپانیاکە مۆدێلی کارەبایی دەبەخشێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ئۆتۆمبێلی "پۆرش پانامێرا"ی بەخشیوە کە نرخەکەی 125 هەزار دۆلار بووە. هەرچەندە مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکەی ئەمساڵی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە نرخی یەکێکیان دەگاتە 173 هەزار دۆلار.
دانی جێنکنس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم خەڵاتە لە ساڵی 2021 دەستیپێکردووە و سەرەتا وەک پاداشتێک بۆ "باشترین ئەدا" بووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی رکابەریی توند، بۆیە پێوەرەکەیان گۆڕیوە بۆ "هاوکاری و کاری بە کۆمەڵ"، چونکە سەرکەوتن لە کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا بەندە بە کاری پێکەوەیی و وەڵامدانەوەی خێرای کڕیاران کە تێکڕا 23 چرکەی پێدەچێت.
پێش راگەیاندنی براوەی ئۆتۆمبێلەکان، کۆمپانیاکە رێز لە 14 بۆ 16 کارمەندی تر دەگرێت و گەشتێکی کۆتایی هەفتەیان بۆ رێکدەخات کە تێچووەکەی بە تەواوی لە ئەستۆی کۆمپانیایە. لە ساڵانی رابردوودا گەشتەکان بریتی بوون لە گەشتی دەریایی بۆ دورگەکانی بەهاما یان سەردانی بۆستن و نیویۆرک، جگە لەوەش هەر کارمەندێک بڕی 2500 دۆلاری وەک خەرجی گەشتەکە پێدەدرێت.
جێنکنس دەڵێت، بەهۆی گەشەسەندنی زیرەکی دەستکردەوە، کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنی گەشەی کردووە و داواکاری لەسەر کارمەندی لێهاتوو زیادیکردووە. کۆمپانیاکە مانگانە 40 بۆ 50 کەس دادەمەزرێنێت و هیچ کارمەندێکی دەرنەکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە سیستمی خەڵات و گەشتەکان سەرکەوتوو بووە لە هێشتنەوەی کارمەندە بەتواناکان و تا ئێستا هیچ یەکێک لە براوەی ئۆتۆمبێلەکان کۆمپانیاکەی جێنەهێشتووە.



