ئیدارەی مەدەنی و دەسەڵاتی سروشت و باخچەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، کوشتنی سەدان تیمساح لە کێڵگەی "پێتسائێل" لە ناوچەی دۆڵی ئوردن (غۆر) لە مانگی ئابی رابردوودا، بەهۆی ترس بووە لەوەی شوێنەکە بۆ "هێرشێکی تێکدەرانە" بەکاربهێنرێت و تیمساحەکان لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا بڵاوبکرێنەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەڵێن، کێڵگەکە کە ساڵانێکە بەدەست سەرپێچیی مەرجەکانی سەلامەتی و خراپیی ژێرخانەوە دەناڵێنێت و چەندین جار تیمساحەکان لێیەوە هەڵاتوون، مەترسیی ئەوەی لەسەر بووە لەلایەن "لایەنە نەیارەکانەوە" دزەی تێبکرێت و ئاژەڵەکان بەڕەڵا بکەن بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشێک کە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج.

لایەنە رەسمییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارەکە بۆ کۆتاییهێنان بووە بە "مەینەتیی ئەو ئاژەڵانە" کە لە بارودۆخێکی سەخت و خراپدا دەژیان، جەختیشیان کردووەتەوە کە کوشتنە بە کۆمەڵەکە بۆ "رێگریکردن بووە لە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر سەلامەتیی گشتی" و رێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی تیمسیحەکان.

هاوکات دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە پرۆسەی کوشتنەکە یان بڕیاری داخستنی کێڵگەکە ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی رەخنەی توند لەلایەن رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانەوە.

بەپێی زانیارییەکان، حکومەت سەدان هەزار شیکلی بۆ بەهێزکردنی سیاجی کێڵگەکە خەرجکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لەناوبردنیان "سەلامەتترین بژاردە" بووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی تیمسیحەکان بۆ شوێنێکی تر مەحاڵ بووە.