دوای ئەوەی بە مەراسیمێکی رەسمی و شێوازێکی دۆستانە لە فڕۆکەخانەی نیودەلهی لەلایەن نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هندستانەوە پێشوازی لێکرا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ چڕەکانی کرد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ هەینی، لە کۆشکی "حەیدەر ئاباد" لە نیودەلهی، 23هەمین لوتکەی هندستان-روسیا بەڕێوەچوو. تەرکیزی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش بریتی بوو لە قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئابورییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرگری، وزە و ئاسانکاری بۆ هاتنی کرێکاری کارامەی روسی و هندی بۆ وڵاتانی یەکتر.

هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا نیودەلهی هەوڵی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی کڕینی چەکی داوە، بەڵام هێشتا روسیا بە گەورەترین دابینکەری چەکی هندستان دەمێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هندستان فشاری کردووە بۆ وەرگرتنی دوو سیستمی موشەکیی S-400 ی تر، کە بەهۆی جەنگی ئۆکراین و کێشەی زنجیرەی دابینکردنەوە گەیشتنیان دواکەوتووە. پێشتر هندستان سێ سیستمی لەو جۆرەی بە بەهای 5.4 ملیار دۆلار وەرگرتووە و پلاندارێژەرانی سەربازیی ئەو وڵاتەش دەڵێن سیستمەکە لە کاتی گرژییەکان لەگەڵ پاکستان کاریگەریی خۆی سەلماندووە.

هەروەها گفتوگۆ لەسەر نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری Su-30MKI و کڕینی فڕۆکەی جەنگی "ستێڵس"ی جۆری Su-57 کراوە.

مۆسکۆ و نیودەلهی پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان تا ساڵی 2030 بگەیەننە 100 ملیار دۆلار. روسیا دەیەوێت کاڵای زیاتری هندستان هاوردە بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی بازرگانی ڕابگرێت، چونکە لە ئێستادا بەهۆی کڕینی بڕێکی زۆر لە نەوتی داشکێندراوی روسیا لەلایەن هندستانەوە، تەرازوەکە بەلای مۆسکۆدا شکاوەتەوە.

سەردانەکەی پوتن لە کاتێکدایە، واشنتۆن رەخنەی توندی لە هندستان هەیە بەهۆی کڕینی نەوتی روسیا و پێیوایە ئەو پارەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی "مەکینەی جەنگیی مۆسکۆ". هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی رابردوودا باجی لەسەر کاڵاکانی هندستان زیادکردبوو، کە نیودەلهی ئێستا هەوڵی کەمکردنەوەی دەدات.

لای خۆیەوە هندستان بەرگری لە کڕینی وزەی روسیا دەکات و دەڵێت بۆ دابینکردنی پێداویستی 1.4 ملیار هاووڵاتی وڵاتەکەی، پێویستی بەو وزەیە هەیە.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، پوتن سەردانی مەزارگەی "مەهاتما گاندی" کرد و رێزی لەو سەرکردە مێژووییەی هندستان گرت. شایانی باسە شاندێکی باڵای روسی یاوەری پوتن دەکەن کە پێکهاتوون لە وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و غاز و پیشەسازی سەربازی.