سەرۆکی روسیا رایگەیاند، دەیانەوێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنن، کە وڵاتانی رۆژئاوا بە بەکارهێنانی ئۆکراین بەڕێوەی دەبەن و جەختیکردوەتەوە، هەشت ساڵ هەوڵیانداوە بە ئاشتی کێشەی ئۆکراین چارەسەر بکەن،  ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەشی دژی کێیف بە هەوڵێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە وێناکردوە.

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لە هیندستان، فلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند؛ هاوسەنگی هێز لە جیهاندا لە گۆراندایە و ناوەندی هێزی نوێ دروست دەبێت،  روسیا دەیەوێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت، کە رۆژئاوا بە بەکارهێنانی ئۆکراین دژی مۆسکۆ بەرێوەی دەبەن.

پوتن راشیگەیاندوە، ئەوان هەشت ساڵ ویستیان بە ئاشتی چارەسەریی رەوشی ئۆکراین بهێنن، بەڵام سەری نەگرت. وتوشیەتی هێرشی سەربازیان بۆسەر ئۆکراین  هەوڵێکە بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ.

سەرۆکی روسیا جەختیکردوەتەوە دوای لکاندنی کریمیا، روسیا بە خێرایی هەنگاوی ناوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە کودەتاکەیان لە کیێڤ رەتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆی و گەلەکەی دەپارێزێت.

لەبارەی هەوڵەکانی ترەمپیشەوە رایگەیاندوە؛ ئەوان وا لە هەوڵەکانی ترەمپ تێدەگەن کە دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە جەنگی روسیا  و ئۆکراین بهێندرێت و  بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیش رۆڵیان هەیە لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکادا.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتویەتی لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگەکەدان و دەیانەوێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ  ئەو مەبەستە بە مەرجێک  نەبێتە هۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ئاسایشی روسیا .