ترەمپ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر وڵاتێک دەکات کە نەوتەکەی زیاترە لە عیراق، ئەمە ناونیشانی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵیی 'سی ئێن ئێن'ـە، کە لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلاوە بڵاویکردووەتەوە.

لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا گرژی تێکەوتووە و ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی لە سەرۆکی ڤەنزوێلا کردووە و بە گەورەترین قاچاغچی ماددەی هۆشبەر ناوی دەبات. لەسەر ئاستی سەربازیش بە هەمان تۆمەت چەندین 21 هێرشی بۆسەر چەند کەشتییەکی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و 83 کەسی کوشتووە.

ئەمریکا شانازی بە هێرشەکانییەوە دەکات و دەڵێت: لەسەر ئاستی وشکانیش دەست بە هێرش دەکەین و دەزانین ماددەی هۆشبەر لەکوێ بەرهەمدێت و کێ بەرهەمی دەهێنێت. 

لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی ئەمریکادا ڤەنزوێلا وەڵامی جیاوازە، نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت: ئەمریکا دەیەوێت سیستمی دەسەڵات لە وڵاتەکەماندا بگۆڕێت و چاوی لەسەر نەوتەکەمانە.

ئێستاش لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەدا، تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن'ی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرچی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەڵێت: واشنتن دەیەوێت یەدەگی نەوتی وڵاتەکەمان کۆنتڕۆڵ بکات و ئەمریکاش رەتی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر رۆژێک بە خێرایی رەوشی دەریای کاریبی بگۆڕێت و رژێمی ڤەنزوێلا گۆڕانکاریی بەسەدا بێت، ئەوا هێشتا یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە؛ کە گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوە لە جیهاندا، رۆڵی گەورە لە داهاتووی ڤەنزوێلادا دەگیڕێت.

سی ئێن ئێن ئەوەی خستووەتە روو، ڤەنزوێلا خاوەنی 303 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، کە پێنج هێندەی یەدەگی نەوتی تەواوی جیهانە و رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

بەپێی راپۆرتەکە، بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی ئابورییەوە پیشەسازی نەوت لە ڤەنزوێلا پاشەکشەی کردووە و لەدوای ساڵی 1999ـەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی لە زیاتر لە سێ ملیۆنەوە بۆ یەک ملیۆن کەمبووەتەوە، بەڵام هێستا گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی هەیە، هەروەها ئەو جۆری نەوتەی لە ڤەنزوێلادا بەرهەمدەهێنرێت نەوتی خاوی قورس و ترشە و رێژەی گۆگردی بەرزە، کە ئەمریکا بەرێژەیەکی بەرچاو پێویستی بەو نەوتەیە، هاوکات، ئەو جۆری نەوتە تەنها کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان توانایان هەیە کاری لەسەر بکەن، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە توانای کاری بازرگانیان لەو وڵاتەدا سنوردار کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، شیکارکارانی بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای پرایس فیوچەر گروپەوە باس لەوەدەکەن، زۆرینەی کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت تایبەت بە دەرهێنانی نەوتی قورسی ڤەنزوێلا دیزاین کراون و کارکردنیان لە نەوتی ڤەنزوێلیدا چالاکترە لە نەوتی ئەمریکا.

سی ئێن ئێن ئەوەی بەستووەتەوە بە ئەگەری رووخانی حکومەتەکەی مادۆرۆوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە نەمانی حکومەتی مادۆرۆدا دەرگای نەوتی ڤەنزوێلا بەرووی جیهاندا دەکرێتەوە و دوور نییە ئەمریکا بیکات بە گەورەترین سەرچاوی نەوتی خۆی و ئاسانە بۆی جارێکی دیکە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری نەوتی خۆی لەو وڵاتەدا کارا بکاتەوە. هەروەها، لە داهاتوودا دەتوانرێت نەوتی ڤەنزوێلا جێگەی نەوتی روسیا بۆ جیهان بگرێتەوە، بەهۆی ئەوەی روسیاش خاوەنی نەوتی خاوی قورسە و هەر ئەوەش وایکردووە، سەرەڕای سزاکان؛ هێشتا چین و هیندستان بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە نەوتی روسیا دەبەستن.

لە کۆتاییشدا سی ئێن ئێن بەوە کۆتایی بە راپۆرتەکەی هێناوە، نیکۆلاس مادۆرۆ نامەیەکی بۆ ئەمینداری گشتیی ئۆپیک ناردووە و تیایدا ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەدەگە نەوتییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بۆیە بەشێکی توێژەران پێشبینی ئەوە دەکەن، رەنگە نەوت رۆڵی هەبێت لە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ڤەنزوێلا.