پوتن: بە هەر رێگەیەک بێت دەست بەسەر دۆنباسدا دەگرین
راهۆز
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لایەنی ئەمریکی خاڵەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ چوار بەش دابەشکردووە و پێشنیاری کردووە بە جیا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، جەختیشی کردەوە کە مۆسکۆ بە هەر رێگەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دۆنباسدا دەسەپێنێت.
پوتن لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو 27 خاڵەی لە پلانی ئاشتیدا هاتوون، لەلایەن ئەمریکاوە کراون بە چوار بەشەوە، بەڵام پێشنیازەکانی ئەمریکا خاڵگەلێکی تێدایە کە مۆسکۆ رەزامەندییان لەسەر نادات، ئاشکراشیکرد کە پێشنیازەکانی وەفدی ئەمریکی پشت بەو لێکتێگەیشتنانە دەبەستێت کە لە کاتی لووتکەی ئەلاسکادا لەگەڵ ترەمپ باس کراون.
ئەم لێدوانانەی پوتن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەری ئاشتیانە رانەگەیەندرا. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئۆکراینی لە فلۆریدا بە "بەرهەمدار" وەسفکردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئۆکراین و وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان نیشانداوە دوای دزەپێکردنی پێشنیازێکی ئاشتیی ئەمریکی کە لە 28 خاڵ پێکهاتووە. بە بڕوای ئەوان، ئەم پلانە ملکەچکردنە بۆ داواکارییە سەرەکییەکانی مۆسکۆ، بەتایبەت مەرجی نەچوونە ناو ناتۆی کیێڤ و مانەوەی پێنج یەکی خاکی ئۆکراین لەژێر دەستی روسیا و سەپاندنی سنوردارکردن بەسەر سوپای ئۆکرایندا.
دوای دزەکردنی ئەو پلانە، هێزە ئەوروپییەکان هەوڵیانداوە پشتیوانی ئۆکراین بکەن لە دژی ئەوەی بە "رێککەوتنی سزادان" ناوی دەبەن، چونکە ترسیان هەیە ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ روسیا خۆش بکات وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی نەوت، گاز و کانزا دەگمەنەکاندا بکات و بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی هەشت (G8).
داواکارییە سەرەکییەکانی روسیا بریتین لە؛ بەڵێندان بەوەی ئۆکراین هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دۆنباس، داننان بە دەسەڵاتی روسیا بەسەر ناوچەکانی کرێم، دۆنباس، زاپۆریژیا و خێرسۆن، هەروەها دابینکردنی پاراستن بۆ روسزمانەکان لە ئۆکراین.
لە بەرامبەردا، ئۆکراین ئەم مەرجانە بە خۆبەدەستەوەدان دەزانێت و پێیوایە دواجار وڵاتەکە رووبەڕووی داگیرکارییەکی نوێی روسیا دەکاتەوە، ئەگەرچی ئەمریکا پێشنیاری گرەنتی ئەمنیی 10 ساڵەی بۆ کیێڤ کردووە.



