بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق رایگەیاند لە سبەینێوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێدەكاتەوە و داهاتەكەشی دەچێتە خەزێنەی گشتی دەولەتەوە وڵاتەكەوە كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەمو لایەكدایە وتیشی رێككەوتنەكە هەرێم و عیراق كاتی نابێت.

عەلی نزار، بەڕێوبەری كۆمپانیای  بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق سۆمۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەرێم و عیراق دوای 30 مانگ دانوستان گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنی رۆژانە 190 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێم كە راستەوخۆ داهاتەكەی دەچێتە خەزێنەی عیراقەوە.

وتیشی: بەشێوەیەكی یاسایی نەوتی هەرێم هەناردە دەكرێت و ئەو نەوتەش كورتهێنان لە بازاڕە جیهانییەكان پڕ دەكاتەوە و 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی هەرێم گل دەدرێتەوە.

بە وتەی بەڕێوبەری كۆمپانیای سۆمۆ  ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا دەگاتە 240 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و بۆ هەر بەرمیلێكیش 17 دۆلار دەدرێتە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی هەرێم و دڵنیایش دراوە بەسەرجەم ئەو كۆمپانیانە.

عەلی نزار هەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا جەختی لەوە كردەوە كە رێككەوتنی هەرێم دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ لێكتێگەیشتنی زیاتر لە پێناو كەمركردنەوەی ناكۆكییەكان.

ئاماژەی بەوەش كرد هەناردەی نەوتی هەرێم قۆناغ بە قۆناغ  بۆ نزیكەی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەكرێتەوە.