سەرۆك كۆماری عیراق و هاوتا ئێرانیەكەی لە نیویۆرك كۆبوونەوە و جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوانیان كردەوە.
نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، بە ئامادەیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە و لەمیانی دیدارێكدا پەیوەندیە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغداد و تاران و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاووتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، د. لەتیف جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی هەماهەنگیەكانی نێوان دوو وڵاتەكە كردەوە و بەپێویستی زانی كۆتایی بە شەڕ و ناكۆكیەكانی ناوچەكە بهێنرێت، هەروەها، جارێكی تر هێرش نەكرێتە سەر وڵاتانی ناوچەكە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری.
لای خۆشیەوە، پزیشكیان پابەندبوونی تارانی بە بنیاتنانی پەیوەندییەكی هەماهەنگانەی نزیك لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاكاندا دووپات كردەوە و جەختیشی كردەوە لە پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیازەكانی د. لەتیف رەشید سەبارەت بە پێویستی كۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێكان، هەروەها هەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكە.