بەڕێوەبەری سۆمۆ: رێككەوتنە سێقۆڵیەکە چارەسەری كۆتاییە بۆ تەواوی كێشەكانی رابردوو
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری سۆمۆ جەخت دەكاتەوەلەوەی بنەماكانی رێككەوتنە سێقۆڵیەكە چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی كێشەكانی رابردوو.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق-سۆمۆ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كراوە، پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق، نەوتەكەیان رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكەن، بەوەش هیچ گرفتێك لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم نامێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنەكە بۆ ناردنی موچە نەبووە لەبەرانبەر وەرگرتنی نەوتدا، بەڵام ئەو بنەمایانەی رێككەوتنەكەی لەسەر جێگیر كراون چارەسەری كۆتایین بۆ تەواوی ناكۆكی و گرفتەكانی پێشوو
لەبارەی توركیاشەوە دووپاتیكردەوە، ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەی لەسەری رێككەوتوون
سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراقیش بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە قۆناغی یەكەمیدا حەوت لە كێڵگەكانی خورمەڵە، تاوكێ، شێخان، ئەتروش، سەرسەنگ، هەولێر و گەرمیان، نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت.