بەهۆی زیادبوونی پیسبوونی هەوا لە پارێزگای خۆزستان، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 1400 کەس بەهۆی کێشەی دڵ و هەناسەدانەوە سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.

دکتۆر مه‌یسه‌م موعزی، یاریدەدەری کاروباری چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی جندی شاپوری ئەهواز رایگەیاند، پیسبوونی هەوا لەم پارێزگایە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان داناوە و بەهۆیەوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 1400کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی ئێستای کەشوهەوا بۆ توشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، ژنانی دووگیان، منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن، زۆر مەترسیدارە و داوای لێکردن لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

یاریدەدەری کاروباری چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەهواز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوڵاتییان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی کێشەی دڵ و هەناسەدان، بەخێرایی سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکەن.