وەزیری وزەی ئەمریکا: جیهان شوێنێکی باشتر دەبێت ئەگەر حەماس لەناوببرێت
راهۆز
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە بەرگریی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە کرد و رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە لە ناوچەکەدا."
رایت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی "راستییەکە لەگەڵ هادلی گامبڵ" لە کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە" وتی: "کاریگەریی حەماس لەسەر جیهان چی بووە؟ بێگومان تیرۆرکردنی ئیسرائیل بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا تیرۆرکردنی گەلی فەڵەستینیش بووە."
ناوبراو کە لە پەراوێزی پێشانگای "گازتێک" لە میلانۆ قسەی دەکرد، وتیشی: "جیهان شوێنێکی باشتر دەبێت ئەگەر حەماس لەناوببرێت."
لە هەمان چوارچێوەدا، رایت ئاماژەی بەوەکرد کە پێشبینیی هیچ هێرشێکی دیکە ناکات و وتی: "بەپێی زانیارییەکانی من هیچ شتێک لە ئارادا نییە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزیرە ئەمریکییەکە خواستی خۆی بۆ "بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی کەنداو و هاوپەیمانەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا" دەربڕی.
هەروەها وتیشی: "حەماس هەڕەشەیەکی گەورە بووە بۆ سەر ئەم ئاسایشە، ئێرانیش بە هەمان شێوە. پێموایە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین، بەڵام پێش گەیشتن پێی، دەبێت ئەوەی هەڕەشەیە بۆی، لەناوببرێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی کەنداو بەکۆدەنگی هێرشەکەی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد کە دەوحەی هەژاند، بەڵام کۆشکی سپی لە دەرکردنی وەڵامێکی رەسمیدا سستیی نواند. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە "ناڕازییە" لە دۆخەکە.