تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی لوبنان و بزووتنەوەی فەتح کرد بۆ چەککردنی ئارەزوومەندانە لە کەمپەکانی فەڵەستینی لە بەیروت و بە "هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو یەکڕیزی و سەقامگیری" وەسفی کرد. 

باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە هەردوو لا کرد و رایگەیاند: "ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە لە ئەنجامی هەنگاوە بوێرانەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنانەوە هاتووەتە ئاراوە."

نێردەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە "پابەندبوونێکی راستەقینە بە ئاشتی و هاوکاری نیشان دەدات."

ئەم رێککەوتنە لە مانگی ئایاردا لە نێوان مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ئەنجامدرا و بڕیارە لە ئەمڕۆوە، پێنجشەممە، پرۆسەی رادەستکردنی چەک بە سوپای لوبنان دەست پێبکات. پرۆسەکە سەرەتا لە کەمپی بورج ئەلبەراجنە لە بەیروت دەست پێدەکات و بزووتنەوەی فەتح دەستپێشخەرییەکەی گرتووەتە ئەستۆ بۆ هاندانی لایەنە چەکدارەکانی دیکە.

بۆ ماوەیەکی زۆر، سوپای لوبنان نەچووەتە ناو کەمپە فەڵەستینییەکانەوە و ئاسایشی کەمپەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەبراوە، بۆیە ئەم هەنگاوە بە هەوڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا. 

تویتەکەی تۆم باراک:

https://x.com/USAMBTurkiye/status/1958552010317320695