لە رانیە دەست بەسەر81 کیلۆ گۆشتی خراپدا گیرا
راهۆز
٢١ی ئابی ٢٠٢٥
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوکانێکی گۆشتفرۆشیان لەسەر شەقامی قولە داخست و دەستیان بەسەر بڕی 81 کیلۆگرام گۆشتی نەشیاو (خراپ)بۆ خواردندا گرت.
بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی رانیە، پاش بەدواداچوون لەسەر بنەمای زانیاریی بەشی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، دەرکەوتووە کە گۆشتفرۆشی "سۆما" بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان، ئاژەڵی لە دەرەوەی کوشتارگە سەربڕیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە گۆشتەکە شیاوی خواردن نەبووە و خاوەنی دوکانەکە چەندین سەرپێچیی دیکەی هەبووە، لەوانە:
-
نەبوونی مۆڵەتی ڤێتێرنەری و بەسەرچوونی کارتی تەندروستی.
-
چەندین جار بەستنەوە و خاوکردنەوەی گۆشت.
-
دۆزینەوەی نەخۆشی لە جگەری ئاژەڵەکە.
-
پیسبوونی شوێنی هەڵگرتنی گۆشت.
قایمقامیەتی رانیە جەختی کردووەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر خاوەنی دوکانەکە دەگیرێتەبەر، چونکە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی چەندین جار، بەردەوام بووە لەسەر سەرپێچییەکانی.