بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە فەرمانی کردووە بە دەستپێکردنی دانوستانی دەستبەجێ بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لە کەرتی غەززە ماونەتەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەپێی "مەرجی قبوڵکراو بۆ ئیسرائیل".

ناتانیاهۆ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی فیرقەی غەززە بۆ پەسەندکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی شارەکە، لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا وتی: "هاتووم بۆ پەسەندکردنی پلانەکانی سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە و تێکشکاندنی حەماس. لە هەمان کاتدا، فەرمانم دەرکردووە بە دەستپێکردنی دانوستانی دەستبەجێ بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە."

هاوکات، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پزیشکییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە باکووری کەرتی غەززە، تا خۆیان ئامادە بکەن بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی شاری غەززە بەرەو باشوور. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە سوپا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە راگەیاند.

پێشتر ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردبووەوە کە "تەنانەت ئەگەر حەماسیش بە رێککەوتن رازی بێت، سوپای ئیسرائیل غەززە کۆنتڕۆڵ دەکات،" وتیشی: "نزیک بووینەتەوە لە کۆتایی شەڕ."

پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە رووبەڕووی رەخنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە، چونکە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە قوڵتر بکاتەوە، کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی دانیشتووانەکەی رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.