سەرۆکی روسیا: لە بواری وزەدا هەڵسەنگاندن بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دەکەین
دیلان
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی روسیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەڵسەنگاندن دەکات بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پرۆژەکانی وزە لە ناوچەی جەمسەری باکوور، کە تێیدا روسیا بەرهەمهێنان لە وزەدا دەکات.
لە وتارێکیدا لە هەشتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هاوکاریی تەکنەلۆژی لە بواری غازی سروشتیدا و هەروەها ئامادەیە ئەو تەکنەلۆژیایانەی پەرەی پێداون، لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هاوبەشی پێبکات.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی روسیا وتی، "تا ماوەیەکی پێش ئێستا هاوبەشەکانمان لە ئەوروپاوە لە کێڵگەکانماندا لەگەڵمان کاریان دەکرد، لە کاتێکدا هاوبەشە چینییەکانیشمان بەردەوامن لە کارکردن، لە ئێستاشدا هەڵسەنگاندن بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دەکەین."
هاوکات ئاماژەی بە پێگەی وڵاتەکەی لە بازاڕی جیهانیدا کرد و رایگەیاند، روسیا لە یەدەگی غازی سروشتیدا لە پلەی یەکەمی جیهاندایە و لە بەرهەمهێنانیشدا لە پلەی دووەمدایە، هەروەها بەردەوامە لە بەهێزکردنی سەربەخۆیی تەکنەلۆژی لە کەرتی وزەدا.


