ئێران نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئەورووپییەکان بکات، چونکە ئەوروپا هیچی پێناکرێت
رەوەز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند کە ئێران نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئەورووپییەکان بکات، چونکە “ئەوروپا هیچی پێناکرێت و ئێمە پێمان دەکرێت.”
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەستەمە داوا لە ئیسرائیل بکات هێرشەکانی رابگرێت، وتیشی: “هەر دەبێت یەکێکیان بیباتەوە و یەکێکیش بیدۆڕێنێت.”
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە وتی: “با بزانین لە دوو هەفتەی داهاتوو چی ڕوودەدات.”
ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت لە ناوچەکە”، وتیشی: “ئێران بەو کەرستانەی لەژێر دەستێتی ماوەیەکی کەمی ماوە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە رێگە بەو کارە نادەین بە هیچ جۆرێک.”
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ستایشی ئیسرائیلی کرد و وتی: “ئیسرائیل لە جەنگەکە هەنگاوی زۆر باشی ناوە و دەزانێت چی دەکات.”
بەپێی ئاگاداری، لە بەرەبەیانی رۆژی 13ی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و کارگەکانی دروستکردنی موشەکی بالیستیکی، هەروەها ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشتووە.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەمان رۆژ سەدان موشەکی بالیستیی ئاراستەی تەلئەبیب کردو تا ئێستا جەنگەکە بەردەوامە.