سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: خۆمان بۆ جەنگێکی درێژ ئامادە دەکەین
رەوەز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند کە ئیسرائیل خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژانی سەخت چاوەڕێی وڵاتەکەیان دەکات.
زەمیر لە وتارێکدا وتی: ئامادەکاری دەکەین بۆ پێشهاتە ئەگەرییە جۆراوجۆرەکان. "ئێمە دەستمان کردووە بە ئاڵۆزترین هەڵمەتی مێژووی خۆمان (هێرش بۆ سەر ئێران)، دەستمان بەم هەڵمەتە کردووە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەیەکی گەورە".
سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە: "سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی بەدەستمان هێناوە، بەڵام رۆژانی سەخت چاوەڕێمان دەکات. کردارە سەربازییەکانمان لە یەک هەفتەی رابردووەوە دەستیان پێکردووە و بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدا تێپەڕین بۆ کۆتایی هێنان بە هەڕەشە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بەرهەمهێنانی موشەکی زیادکردووە، "پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو ساڵدا خاوەنی هەشت هەزار مووشەک بێت، هەروەها کاردەکات بۆ کەڵەکەکردنی سیستەمی هەڵدانی موشەک و چەکی ئەتۆمی، ئەمەش ناچاریکردین هێرشی پێشوەختە ئەنجامبدەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل "ساڵانێکە خۆی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ئامادە دەکات"
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرکردایەتی باڵای ئێران مان لەناوبرد و زیانێکی زۆرمان بە پێکهاتەکانی بەرنامە ئەتۆمیەکە گەیاند.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "لە ناو شەڕێکی فرەلایەندایە. شەڕ لە غەززە بەردەوامە و وتیشی سەربازەکانمان باجێکی قورس دەدەن لە ئێستادا، و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشەی سەر ئێران درێژەدانە بە هەوڵی گەڕاندنەوەی بارمتەکان لە غەززە.