نوێنەری ئیسرائیل: ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی ناتانیاهۆ و ترەمپی داوە
رەوەز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی تاران هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆو و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی داوە.
دانی دانن، نوێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند کە ئێران "پشتگیری تیرۆر دەکات لە جیهاندا" و ژمارەیەکی زۆر ئیسرائیلی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە.
نوێنەری ئیسرائیل جەختی کردەوە کە "هیچ شتێک هێندەی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی ناکات."
دانن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بەردەوام توانا موشەکی و بالیستییەکانی فراوان دەکات و مووشەک بە مەودای زیاتر لە ٤ هەزار کیلۆمەتر پەرەپێدەدات.
نوێنەری ئیسرائیل، ئێرانی تۆمەتبارکرد کە هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی و وتی: "ئێران مووشەکی ئاراستەی نەخۆشخانەیەک کردووە کە خزمەتگوزاری پێشکەشی ملیۆنان کەس دەکات."
نوێنەری ئیسرائیل لەبارەی هۆکاری هەنگاوەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران رایگەیاند: "هەنگاوەکەمان دوایین رێگەچارە بوو بۆ راگرتنی ئێران، دوای ئەوەی هەموو رێگەکانی دیکەمان تاقیکردەوە."
لە کۆتایی وتارەکەیدا، دانن داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی هەبێت و وتی: "ئێمە ئارامیمان نەماوە و پێویستە ئەم ئەنجومەنە کۆتایی بەم گاڵتەجاڕییە بهێنێت.