تەلەفزیۆنی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر ریاکتۆری ئاوی قورسی راک، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە “هیچ مەترسییەکی تیشکدار نییە”.

رۆژنامەنووسێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە شارۆچکەی خوندابی نزیک لە ویستگەکەوە بڵاویکردەوە کە ریاکتۆرەکە پێشوەختە چۆڵکراوە و هیچ زیانێک بە ناوچە مەدەنییەکانی دەوروبەری نەگەیشتوە.

سوپای ئیسرائیل پێشتر لە بەیانی ئەمڕۆدا هۆشداری دابوو کە هێرش دەکاتە سەر ریاکتۆرەکە و داوای لە خەڵکی ناوچەکە کردبوو لە شوێنەکە دوربکەونەوە.

ریاکتۆری ئاوی قورسی راک بە دووری 250 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای تاران دامەزراوە. ئەم ریاکتۆرە بە یەکێک لە گرنگترین ویستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دادەنرێت.

ئاوی قورس بۆ ساردکردنەوەی ریاکتۆرە ئەتۆمییەکان بەکاردەهێنرێت، بەڵام پلۆتۆنیۆم وەک بەرهەمێکی لاوەکی بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت لە چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت. ئەمەش رێگەیەکی دیکە دەدات بە ئێران بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، جگە لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

*مێژووی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە:

ئێران لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان رەزامەندی دەربڕی لەسەر دووبارە دیزاینکردنی ریاکتۆرەکە بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی.

لە ساڵی 2019دا ئێران دەستیکرد بە کارپێکردنی بازنەی لاوەکی ریاکتۆری راک، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە پرس لەسەر پابەندنەبوون بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەبوو.

*بەردەوامی شەڕ

ئەم هێرشەی ئەمڕۆ بەشێکە لە حەوت رۆژی هێرشی ئیسرائیل لەسەر ئێران. پێشتر ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نەتەنز، کارگەکانی سەنترێفیۆژ لە دەوروبەری تاران و ویستگەیەکی ئەتۆمی لە ئیسفەهان.

بەپێی راپۆرتەکان، لەم هێرشانەدا لانیکەم 639 کەس لە ئێراندا کوژراون، لە نێوانیاندا 263 هاوڵاتی ئاسایی، لەگەڵ زیاتر لە 1300 برینداریش. لە بەرامبەردا ئێران نزیکەی 400 مووشەک و سەدان درۆنی ناردوە، کە لانیکەم 24 کەسی لە ئیسرائیل کوشتوە و سەدان کەسی برینداری کردوە.