ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیارنامەیەکی دژ بە ئێرانیان پەسەند کرد و لە بەرانبەریشدا ئێران رایگەیاند؛ بنکەیەکی تری پیتاندنی یۆرانیۆم دروستدەکەین.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن سێ وڵاتی ئەورووپایی و ئەمەریکاوە ئامادە کرابوو و تێیدا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نەبووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر ئێران لەسەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت، یەکێتیی ئەورووپا سزا داراییەکانی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە.


بۆچونەکان دەربارەی سزاکانی سەر ئێران بوون بە دوو بەشەوە:

ئەو وڵاتانەی پشتگیری سزاکانی سەر ئێران دەکەن:

19 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا کە بریتین لە: ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئسپانیا، ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەلجیکا، ئیکوادۆر، ئۆکرانیا، کەنەدا، جۆرجیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مەغریب، ئیتالیا، لوکسەمبۆرگ، هۆڵەندا و کۆلۆمبیا.

ئەو وڵاتانەی دژی بڕیار و سزاکانی سەر ئێران بوون:

روسیا، چین و بۆرکینافاسۆ دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا.

ئەو وڵاتانەی بێلایەنیان هەڵبژارد:

11 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە نەدا کە بریتین لە: ئەفریقای باشوور، هیندستان، پاکستان، میسر، ئیندۆنیزیا، بەرازیل، غانا، تایلەند، جەزائیر، ئەرمەنستان و بەنگلادیش.

وەڵامی ئێران بۆ بڕیارنامەکە:

ئێران پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەم بڕیارنامە سیاسی و نەگونجاوە پەسەند بکرێت، راستەوخۆ هەنگاوی تەکنیکی تایبەت دەگرێتە بەر.

هەنگاوی نوێی ئێران

پاش پەسەندکردنی بڕیارنامەکە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند کە سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران فەرمانی پێویستی داوە بۆ:

- بەکارخستنی ناوەندێکی تازەی پێتاندنی یۆرانیۆم لە جێگەیەکی سەلامەت

- گۆڕینی ئامێرە کۆنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەندی ئەتۆمیی (فەردو) بە ئامێری تازەی جۆری نەوەی شەشەم