لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای موەلیدە بۆ یەک ئەمپێری 41 دینار دیاری کرد.

بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان 7500 بۆ 8500 دینار دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، ئەم جیاوازییە لە نرخدا بەهۆی ئەو کاتانەیە کە موەلیدەکان کاریان کردووە، کە لەنێوان 155 بۆ 179 کاتژمێر بووە. هەندێک فیدەری موەلیدەکان زیاتر کاریان کردووە، بۆیە پارەکانیان زیاترە.

رێنماییەکان بۆ خاوەنانی ئەو موەلیدە ئەهلیانەی دەکەونە ناو سنوری پرۆژەی روناکیەوە:

 پاککردنەوەی قەرزی موەلیدەکان

سەبارەت بەو موەلیدانەی کە دەکەونە سنوری پرۆژەی روناکی و کۆتایی مانگی رابردو بوون بە بیست و چوار سەعاتی، پێویستە پارەی موەلیدەکانیان پاکتاو بکەن، چونکە چیتر موەلیدەکانیان کارناکەن.

خشتەی کارپێکردن بۆ مانگی 6
خشتەی کارپێکردنی موەلیدەش بۆ مانگی شەش بیست و چوار سەعاتی دەبێت، هەر کاتێک کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە ئەوان کاردەکەن.

رێکارەکانی پابەندبوون:

لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان جەختیان لەوەکردۆتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەهاووڵاتیان لە 5 خولەک زیاتر بخایەنێت.

بەپێچەوانەوە، خاوەنی موەلیدەکە سزادەدرێت ئەگەر ئەم یاسایە پێشێل بکات.