وەزارەتی نەوتی عیراق حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەردەوامی بە قاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، وەزارەتی نەوت جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسا كارپێكراوەكان، لەوانەش یاسای بودجەی گشتی.

راشیگەیاند، حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە ڕادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانییەوە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ هەناردەكردن و پڕكردنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی. 

هەر بە پێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق، پێشتر وەزارەتەكەیان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نامە و وەفدی رەسمی بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە بەڵام بێسوود بووە.