کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەهۆی "ڤیتۆ"ی ئەمریکاوە هەڵوەشایەوە و ئەمریکا داوادەکات حەماس لە غەززە نەمێنێت و بارمتەکان ئازاد بکات. 

 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە نەیتوانی ئەو رەشنووسە پەسەندبکەن کە بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسرائیل غەززە پێشنیارکرابوو. 
پەیامنێرێکی ئەکسیۆس لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بە پشت بەستن بە دوو بەرپرسی ئیسرائیل، رایگەیاند کە ئەمریکا ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە ڤیتۆی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دەکات کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر بدرێت.


نوێنەری ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند؛ پێویستە حەماس چەکەکانی دابنێت و سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات و غــ..ەززە بە جێبهێڵێت، وتیشی، پێویستە دانبەوەدا بنرێت کە هەڵگیرسێنەری شەڕەکە، بزوتنەوەی حەماس بووە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا.

14 ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بێ لە ئەمریکا، دەنگیان بەو بڕیارنامەیەدا کە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە "کارەساتبار" وەسف دەکات و داوا لە ئیسرائیل دەکات هەموو سنووردارکردنەکانی گەیاندنی یارمەتی بە دوو ملیۆن و 100هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە هەڵبگرێت.

دۆرۆتی شیا، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدانەکە وتی: ئەم بڕیارنامەیە دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و وادەکات حەماس دەستکراوەتر بێت. 

لە کاردانەوەیدا بۆ شکستپێهێنانی دانیشتنەکە، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند؛ شکست پێهێنانی دانیشتنەکە گومان دەخاتە سەر رۆڵ و سەربەخۆیی دامەزراوە جیهانییەکان و هەڵوێستی ئەمریکای بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز ناوبرد بۆ ناتانیاهۆ بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی.