دانوستانەكانی روسیا و ئۆكراین لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
دانوستانەكانی روسیا و ئۆكراین بە نێوەندگیریی توركیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو و ئەردۆغان دەڵێت ئیستەنبوڵ دەكاتە ناوەندی ئاشتیی لە جیهان، كیێڤ رایگەیاندوە رۆژێك پێش دانوستانەكان پێشنیارەكانی مۆسكۆیان بەدەست گەیشتوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، دانوستانی نێوان وەفدەكانی روسیا و ئۆكراین لە ئیستەنبوڵ بە باشی بەڕێوەچوە و هیچ ئەنجامێکی خراپی لێنەكەوتوەتەوە.
ڤلادیمێر مێدینسكی، سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری روسیا لە دوای كۆتایی دانوستانەكەی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لەسەر گەورەترین ئاستی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لەگەڵ ئۆكراین رێككەوتون و سەربازە بریندارەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت.
مێدینسكی وتیشی، هەفتەی داهاتوو یەك لایەنە شەش هەزار تەرمی سەربازانی ئۆكرانی رادەستی ئەو وڵاتە دەكەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بە دانوستانەكان روسیا و ئۆكراین وتی: ئەو دانوستانانە زۆر گرنگە و بە سەركەوتن هەژمار دەكرێت .
دانوستانەكانی رۆژی دووشەمەی ئیستانبوڵ لە كاتێكدا، رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئۆكراین لە رێگەی درۆنەوە هێرشێكی گەورەی كردە سەر روسیا 41 فڕۆكەی جەنگیی ئەو وڵاتەی تێكشكاند.