سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: بەشداری لە دانوستانەکان لەگەڵ روسیا دەکەن کە بڕیارە سبەینێ لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراین رایگەیاند، وەفدێکی کیێڤ  بە سەرۆکایەتی  وەزیری بەرگری ئۆکراین رۆژی دووشەممە لە ئیستەنبوڵ دەبن و دانوستان لەگەڵ روسیا ئەنجام دەدەن.

زیلینسکی لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا ئاشکرایکردووە، پێش کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئیستەنبوڵ هەڵوێستەکانی خۆمانم خستۆتە ڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد، وەفدەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگری کیێڤ دەبێت، هەروەک چۆن لە خولی یەکەمی دانوستانەکانی مانگی ئایاردا ئەنجامدرا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەولەویەتەکانی ئۆکراین گەیشتنە بە "ئاگربەستێکی تەواو و بێ مەرج"، هەروەها گەڕانەوەی دیلەکانی ئۆکراین کە کیێڤ مۆسکۆ بە ڕفاندنیان تۆمەتبار دەکات.

هاوکات میدییاکانی روسیا بڵاویانکردوەتەوە، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا گەیشتوەتە تورکیا بۆ بەشداری لە دانوستانەکان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە تورکیا پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبونەوەی لوتکەی کرد کە سەرۆکەکانی ئۆکراین و روسیا و ئەمریکا لە ئیستەنبوڵ کۆببنەوە.