بەپێی راپۆرتی تەلەڤیزیۆنی BBC، تا رۆژی 28ـی مانگی مایس، 26 حاڵەتی توشبون بە سورێژە تەنیا لە سکۆتلەندا پشتڕاستکراونەتەوە، کە ئەمەش زیاترە لە تەواوی ئامارەکانی ساڵی 2024.

ئەم بەرزبونەوەیەی رێژەی توشبوون، لە کاتێکدایە کە دو ساڵ لەمەوبەر تەنها یەک حاڵەتی سورێژە لە سکۆتلەندا تۆمارکرابوو، بەڵام ساڵی رابردو ئەو ژمارەیە بەرزبوەوە بۆ 24 حاڵەت.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمی رێژەی کوتان لە هەندێک ناوچە دەبێتە هۆکاری سەرەکی زیادبونی حاڵەتەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سورێژە یەکێکە لە درمیترین نەخۆشییەکان کە لە رێگەی کۆکە و پژمینەوە بڵاودەبێتەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی ئاداری رابردودا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رایگەیاند ژمارەی توشبوانی سورێژە لە ئەوروپا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە بۆ ماوەی 25 ساڵ.

بەپێی ئەم راپۆرتە، منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، زیاتر لە 40% لە ئەو حاڵەتانە پێک دەهێنن کە لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا تۆمارکراون.

هێلین بێنسۆن، راوێژکاری تەندروستی گشتی لە NHS، دەڵێت: "زیادبونی حاڵەتەکان لە سەرانسەری سکۆتلەندا بەرچاوە، پێشتر ئەمساڵ ئامارێکی زیاترمان بینیوە لە چاو تەواوی ساڵی ڕابردو."

ئەو وتیشی: "لە گلاسکۆ لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین حاڵەتمان بینیوە، هەروەها لە چەند هەفتەی رابردوشدا ژمارەیەکی کەممان لە ناوچەی گۆڤانهیل تۆمارکردووە.

بێنسۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە هەوڵەکانیان ئێستا ئەوەیە کە ژمارەی حاڵەتەکانی دیکە کەم بکەنەوە.