کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی کارەبای مووەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی پێنج دیاریکراوە و هەر کیلۆواتێک بەرانبەرە بە 245 دینار.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون 'سیتییەکان' بۆ مانگی پێنج دیاریکراوە و هەر کیلۆواتێک بەرانبەرە بە 245 دینار، ئەو سیتییانەشی تاکە سەرچاوەی کارەبایان مووەلیدەیە، هەر کیلۆواتێک بە 229 دینارە.

ئەوەش هاتووە، نرخەکەی بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕەکاندا دیاریکراوە و پێویستە سەرجەم سیتییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پابەند بن بەو نرخانەی کە دانراون.

کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر هەر خاوەن مووەلیدەیەک پابەند نەبێت بەو نرخە و زیاتر لە هاوبەشانی کارەبا وەربگرن، ئەوا رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.